نەخۆشی رێگەی نەدا
زاوا جوانە مەرگەکە قەفەسی زێڕین ببینێت
964+
باخان تۆفیق
هەمیشە نزای ئەوە دەکەین خوایە لە باڵای نا ئاگا و نەخۆشی و دەرد لامان بدەیت، کەچی ئەوەتا ئەم تازە زاوایە لە رۆژی ئاهەنگەکەیدا بردیانە نەخۆشخانە و ئیتر نەگەڕاوە.
ئەمە چیرۆکی میهران هەرکی تەمەن ٢٥ ساڵە کە خەڵکی قەزای ئاکرێیە، ئەو دەزگیراندار بوو رۆژی ١٤ی مانگی ٩ی ئەمساڵ بە حەسرەتەوە ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکەی دەکرد و هەمووان دڵخۆش و شاد بوون کە دوو دڵی لاو بەیەک دەگەن، هەموو شتەکان ئاسایی بوون تا ئەو کاتەی لەناو ئاهەنگەکە دۆخی تەندروستی میهرانی زاوا تێک دەچێت و دەڵێت، “قاچەکانم کار ناکەن” . لەوێدا هەموان سەریان دەسوڕمێت چۆن و بۆ ئاوای لێهات؟.
دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە ئیتر مهران چاوەکانی نەکردەوە و بێ هۆش بوو وە کەوتە بوژانەوەی دڵ و ماوەی نزیکەی دوو مانگ چارەسەری پزیشکی وەردەگرت.
شەهرام هەرکی برای میهران بە 964ی وت،” بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری دهۆک براکەمان لەدەستدا، ئەو دۆخەی براکەم کە هەبوو گرفتی دەمارەکان بووە پێشوتر هیچ نیشانەیەکی نەبووە تا ئێمە بزانین و تەواو تەندروست بووە؛ دەوترێ لە سێ هەزار مرۆڤ یەک مرۆڤ دوچاری ئەم نەخۆشیە دەبێت دیارە ئەمەش میهرانەکەی ئێمە بووە”.
“ئێمە خۆشی و شادیمان لێ بوو بە شین و بۆ هەمیشە دڵ بە خەم ماینەوە بەڵام شوکرن بە تاقیکردنەوەی خودا، خوایە ئەم دەرد و ناخۆشیە بەسەر کەس نەیەت” براکەی بە دەنگە پڕ خەمەکەی وای وت.