ئاڵای عێراق و تورکیا - فۆتۆ: ئاژانسەکان
باسم عەوادی قسەی هەیە
عێراق رەتیدەکاتەوە لە قەرزەکانی سەر تورکیا خۆشبووبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە کە گوایە عێراق لە قەرزەکانی خۆشبووە لە بەرامبەر واژۆکردنی رێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا.
دەرچەی سەرەکی تورکیا بۆ عێراق، کەرتی نەوتە، ئەوە لە کاتێکدا ئاشکرا بووە بەهۆی سزاکانی سەر روسیا، تورکیا هاوردەی نەوتی وڵاتانی دیکەی زیادکردووە لەوانە عێراق، کە قەرزی سەر ئەو وڵاتەش پەیوەستی بەو کەرتەوە هەیە.
باسم عەوادی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقیەی میدیایی فەڕمی حکومەت وتوویەتی، رێککەوتنەکە لەگەڵ تورکیا هیچ بڕگەیەکی پەیوەست بە سڕینەوەی قەرزەکانەوە ناگرێتەوە، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر هاوکاری تەکنیکی و ستراتیژی لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان.
رێککەوتنەکە پاکێجێکە پڕۆژەی هاوبەش لەخۆدەگرێت، لەوانەش دروستکردنی بەنداو و دەریاچەکان، هاوکات لەگەڵ ئامادەکردنی توێژینەوە و پشکنینێکی گشتگیر بۆ واقیعی ئاو لە عێراق، کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاو لە عێراق و تورکیا لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پڕۆژە،دەکرێت لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا جێبەجێ بکرێن.
ئەوە لە حاڵێکدا روونی نەکردووەتەوە قەبارەی قەرزەکە چەندە، لەگەڵ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرەو فراوانی دەڕوا و مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، عومەر پۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا بروایی خۆی دەربڕی کە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە ماوەی داهاتوودا دەگاتە 30 ملیار دۆلار.
وەزیرەکە رایگەیاندووە، قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق لە کورتخایەندا دەگاتە 20 ملیار دۆلار و لە ماوەی مامناوەندیشدا دەگاتە 30 ملیار دۆلار.