قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە
“لە سلێمانی، عەربەت، رانیە و قەڵادزێ لۆدی هاتوچۆ هەبوو”
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
هاتوچۆ و دەرچوون لە شارەكە، گەورەترین گرفتی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە، قایمقام و سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی شارەكەش دەڵێت، نەك هەر لە هەڵەبجە، بەڵكو لە عەربەت و سلێمانی و رانیە و قەڵادزێیش لۆد هەبوو هەر بەبۆنەی فێستیڤاڵەكەوە.
سمكۆ سالار ئەمڕۆ شەممە 1.11.2025 بە 964ی راگەیاند، داوای لێبوردن لە گەشتیاران و میوانان دەكەن بەهۆی ئەو زەحمەتییانەی رێگەوبان لە فێستیڤاڵی هەڵەبجە دووچاری بوون.
وتیشی، دوو مانگە بۆ چارەسەری قەرەباڵغی شار كۆدەبینەوە و ساڵانی پێشوو وانەبوو، بەڵام ئەمساڵ لۆدەكە هەر لەسەر هەڵەبجە نەبووە، بەڵكو لە سلێمانی و عەربەت و رانیە و قەڵادزێ و تەنانەت رێگەی هەولێریش بەهۆی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەوە قەرەباڵغی و لۆد هەبوو.
قایمقام و سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجە ئەوەشی وت، كۆدەبینەوە و بیر لە چارەسەر دەكەینەوە بۆ ساڵی داهاتوو، بە تایبەتی بۆ كردنەوەی چەند رێگایەكی دیكە لە شارەكە.
“پێویستە فێستیڤاڵی هەنار و پاییز بكرێتە نێودەوڵەتی و حكومەتی هەرێم دەستەیەك یان لیژنەیەك پێكبهێنێت و بودجەی بۆ تەرخان بكات، ئەمە ئەگەر فێستیڤاڵەكە و خەڵكەكەی بەلاوە گرنگە”، سمكۆ سالار وای وت.
ئەمڕۆ شەممە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە و كۆتایی دێت، لە دوو رۆژی رابردوودا هاوڵاتیان و گەشتیاران كێشەی زۆریان بۆ دروست بوو لە سەردانی شارەكە و گەڕانەوەیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا