دیمەنی ئاگرەكەی دارستانی هەیبەت سوڵتان
"گەشتیار ئاگریان كردووەتەوە"
ئاگرەكەی دارستانی هەیبەت سوڵتان کۆنتڕۆڵ کرا
دەشتی عارف
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئاگرێك لە دارستانی هەیبەت سوڵتان لە كۆیە كەوتەوە، بە قسەی بەرگریی شارستانی توانیویانە زوو كۆنتڕۆڵی بكەن و هۆكارەكەشی ئاگركردنەوەی گەشتیاران بووە و نیو دۆنمیش دارستانەكە سووتاوە.
عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کۆیە، بە 964ـی وت، ئاگرەكە دەوروبەری كاتژمێر 5:30ی خولەكی ئێوارە بوو، چەند گەشتیارێک بەمەبەستی سەیرانکردن هاتوونەکە شوێنەکە و لەوێ ئاگرییان کردووەتەوە، لەوێوە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و نزیکەی نیو دۆنم سووتاوە، بەڵام هەر زوو لە رێگای تیمەکانی بنکەی زانکۆ ئاگرەکە کوژاوەتەوە و نەهێلدراوە تەشەنە بکات.
وتيشي، زیانەکان تەنیا سووتانی بەشێکی کەمی ناوچەکە بووە، چونکە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی زانکۆ لە شوێنی رووداوەکە نزیک بوونە و هەرزوو گەیشتوونەتە شوێنەکە، ئەگەر وانەبووایە لەوانەبوو ئاگرەکە بەشێکی زۆری دارستانەکەی بسووتاندایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا