پار ساڵ شه‌ش براوه‌ى یه‌كه‌مى شیعر و چیرۆک هه‌بوون
ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ به‌ڕێوه‌چوونى دووەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید له‌هه‌رێمی كوردستان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، خه‌ریكی ئاماده‌كارییه بۆ سازدانى دووه‌مین فێستڤاڵى ئه‌ده‌بی جینۆساید بۆ شیعر و چیرۆك و له‌ئێستاشه‌وه ئاگادارى نووسر و رۆشنبیرانى كردووه‌ته‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتى فێستڤاڵ بنێرن.
فێستڤاڵه‌كه‌ى ئه‌مساڵ بە هەماهەنگی رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی و بە دروشمی (لە هەواری خامەکاندا، دووەمین چرای یادەوەری هەڵدەکەین) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه لیژنه‌ى باڵا بۆ به‌رهه‌مه‌كانى شیعر و چیرۆكى داناوه بۆ به‌شداریكردن بریتییه له شیعر و چیرۆکەکان تایبەت بن بە جینۆسایدی گەلی کورد، دەقەکان لە پێنج لاپەڕەی (ئەیفۆر) زیاتر نەبێ و بە شێوازى (یونی‌کورد) تایپکرابن و دواکاتی وەرگرتنی دەقەکانیش رۆژى 15.12.2025 ـه. خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كان ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه دەقەکانیان بۆ ئەم ئیمەیڵە فێستڤاڵ رەوانە بکەن: [email protected]
ساڵى پار یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید له رۆژى 23.11.2024 لە ناحیەی رزگاری ئیداره‌ى گه‌رمیان بە هەماهەنگیی رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی، بە درووشمی (وشە وەک شایەتحاڵی جینۆسایدەکان) به‌ڕێوه‌چوو.
به‌پێی راگه‌یندراوى ئه‌كاتى فێستڤاڵه‌كه، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانەوە، شاعیران و چیرۆک‌نووسان بەشدارییان کردبوو و تیایدا سێ براوەی یەکەمی شیعر و سێ براوەی یەکەمی چیرۆکی ده‌ستنیشان كران.