"ئەو برنجە هەبێت کەس برنجی بازاڕ ناخوات"
دروێنەی برنجی هەریر و باتاس دەستیپێکرد
ئاکام غەفور – سۆران
هەرچەندە بەرهەم بەدڵی جوتیاران نییە بەڵام جوتیارانی هەریر و باتاس دەستیان کردووە بە دروێنەی برنج و بەشێکیان بە دەست برنجەکە دەدوورن.
لە دوای شەش مانگ لە چاندنی ئێستا جوتیاران رەنجی ماندووو بوونی خۆیان دەدوورنەوە و جوتیارێکیش دەڵێت، ئەو برنجە هەبێت کەس برنجی بازاڕ ناخوات، بەڵام بە قەد منداڵێکی ساوا بە زەحمەتە تا پێدەگات.
خدر سلێمان، جوتیارێکی دەشتی هەریرە و بۆ 964 دەڵێت،”ئەمساڵ بەرهەمی برنج بەهۆی وشکەساڵی باش نەبوو، زۆر لەگەڵی ماندوو بووین بەڵام هەر ئەوەیە ئێوارە دەچینەوە ماڵ ماندوو بوونمان بیر نامێنێت”.
وەک باسی دەکات، هەندێک برنج دەکەوێتە سەر زەوی و لار دەبێتەوە، بۆیە ناچارن بە دەست بیدوورن ئەگەرنا خەسار دەبێت، بەڵام ئەو برنجە ئەگەر ماندووبونیشی زیاتر بێت بەس جوانترە لە برنجی تر و برنجێکی باشە.
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی هەریر، ساڵی رابردوو بەرهەمی برنج لە دەشتی هەریر و باتاس، زیاتر لە 650 هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینی دەکەن رێژەکەی لە 400 هەزار تۆن کەمتر بێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی