شارەزوور
هاوڵاتیانی گوندێک 300 بیری ئاویان لێداوە و ئاوەكەش كلس و بەردی هەیە
+964
بڕوا مەجید – سەیدسادق
زیاتر لە 800 ماڵی گوندی گرێزە لە قەزای سەیدسادق لە شارەزوور، بەهۆی نەبوونی تۆڕی ئاو و کەمبونەوەی ئاو لە سەرچاوی ئاوەکەیان، پەنایان بۆ بیرهەڵکەندن بردووە و تا ئێستا 300 بیریان لێداوە، ئاوەكەش بەرد و كلسی تێدایە.
نامیق سابیر، ئەنجومەنی پێشووی گوندی گرێزە، بۆ 964 وتی، “سەرەتای گەڕانەوەمان بۆ گوندی گرێزە لە ساڵی 1980 ژمارەی ماڵەکانمان دەگەیشتە 300 ماڵ، ئەوکات حکومەت تۆڕێکی ئاویان بۆ دروستکردین، لەبەر بچوکی و کەمی ئاو لە پڕۆژەکەدا توانای دابینکردنی ئاوی بۆ ماڵەکان نەبوو، بە ناچاری هاوڵاتیانی گوندەکە ئاویان لە کانیاوی گوندەکە بۆ خۆیان دابین دەکرد.”
وتیشی، “ئێستا گوندەکەمان زۆرگەورە بووە و زیاتر لە 800 ماڵی تێدایە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی کانییەكەشەوە، هەروەها نەبوونی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکە، پەنامان بۆ هەڵکەندنی بیر لەسەر سەرچاوەکە بردووە، ئێستا زیاتر لە 300 بیر لە سەرچاوەکە هەڵکەندراوە، کە بیری دەستین و قوڵییان شەش تا هەشت مەترە و توانای دابینکردنی ئاوی بۆ ماڵەکان هەیە و بۆ خواردنەوەش بەکاری دەهێنین”.
مام نامیق باسی ئەوەی كرد، ئاوەكە كلس و بەردی تێدایە، بەڵام پشكنیان بۆ كردووە و پێیان وتوون كێشەی نییە و ئاوەكە پاكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا