مەترسى دروست دەبێت

زبڵ و پاشماوەکان لە نزیک پڕۆژەى ئاوى خاس فڕێ مەدەن

964+

وریا فەتاح

پڕۆژەى ئاوى قەڵادزێ، لە ئاگادارییەکدا دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک زبڵ و پاشماوەکان لەسەر رێگاى پڕۆژەى ئاوى خاس فڕێ مەدەن، چونکە دەبێتە هۆى پیسبونى ئاوى پڕۆژەکە.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە،”داواکارین لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری قەڵادزێ، تکایە رێگای پڕۆژەی ئاوی خاس بەکار نەهێنن بەمەبەستی فڕێدانی پاشماوە بۆ ئەوەی بەدوربین لە پیس بوونی ئاوی خاس کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی شاری قەڵادزێیە”.

وەک باسکراوە، ئەم پاشماوانە لەکاتی باران بارین راستەوخۆ دەگەرێنەوە ناو سەرچاوەى ئاوى پڕۆژەى خاس.

جەختیشکراوەتەوە، هەرکەس پاشماوە و زبڵ لەو شوێنە فڕێ بدات، رووبەڕووى رێکارى یاسایى دەبێتەوە.

پڕۆژەى ئاوى خاس کە 95%ـى ئاوى دانیشتوانى قەڵادزێ دابین دەکات، نزیکەى 20 هەزار هاوبەشى ئاو لە قەڵادزێ لەسەر ئەم پڕۆژەیەن.