لە شاری جوانڕۆ

خانمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌یه‌ك به‌هۆى سرودێكی كوردییه‌وه‌ له ‌كاره‌كه‌ى دوورخرایه‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە شاری جوانڕۆى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ئێران خانمه‌ مامۆستایه‌كى كوردیان به‌هۆى خوێندنه‌وه‌ى سروودێكی كوردییه‌وه‌ له‌كار دوورخسته‌وه‌.

مامۆستاكە بە ناوی (زەیتون کەهزادی) بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانی فیردەوسییە لەو شاره‌ سەر بە پارێزگای کرماشان.

ماڵپه‌رى رێكخراوى هه‌نگاو بڵاویكرده‌وه‌، دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕیی (رێی خەبات) لەلایەن گروپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە بووه‌، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی (ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە) خوێندبوو.

باس له‌وه‌شكراوه‌، زەیتون کەهزادی، دوای چەندینجار بانگكران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و ئێستا وەکو مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە.