كۆمیسۆنی هەڵبژاردن:

 بردنەوەژوورەوەی مۆبایل و كامێرا بۆ بنكەكانی دەنگدان قەدەغەیە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر بەهۆی سیستمی وردبینی سێ رەهەندییەوە ناتوانرێت ساختە بکرێت، هەروەها دوای بەکارهێنانیان قفڵ دەکرێت، هەروەها لە رۆژی هەڵبژاردندا رێگە نادرێت مۆبایل و کامێرا بچێتە ناو بنکەکانی دەنگدانەوە.

حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە كەناڵی فەرمیی ئەلعێراقییەی راگەیاندووە، “رێکارە تەکنیکییەکانی کارتی بایۆمەتری وادەکات کە ئیستغلالکردن یان ساختەکردنی کارتی بایۆمەتری مەحاڵ بێت”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “رێژەی مەترسی هەڵە یان دەستکاریکردن نزیکەی سفرە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023، وەک هەموارکراوە، مافی دەنگدان بۆ ئەو کەسانە سنووردار دەکات کە خاوەنی کارتی بایۆمەترین، پرۆسەی پشتڕاستکردنەوە پەیوەندییەکی سێ لایەنە لە نێوان کارتەکە و ئەو زانیارییانەی لەسەری تۆمارکراون و زانیارییە بایۆمەترییەکانی دەنگدەر، وەک پەنجەمۆر و وێنەکان دەگرێتەوە”.

لە درێژەی قسەکانیدا حەسەن هادی وتی، “کۆمسیۆن کامێرای بۆ ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە زیادکردووە بۆ چارەسەرکردنی ناتەبایی پەنجەمۆر لە نێوان کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی پیشەیان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر یەکپارچەیی پەنجەمۆر هەیە”.

روونیشی کردەوە “بەکارهێنانی کارتەکە لە بنکەی دەنگدان دەبێتە هۆی قوفڵکردنی ئۆتۆماتیکی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، ئەمەش وادەكات كەسی تر نەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت “.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، “نهێنی دەنگەکان بە تەواوەتی گەرەنتی کراوە، بەو پێیەی مۆبایل یان کامێرا قەدەغەکراوە، ئەمەش ئازادی بە دەنگدەران دەدات بەبێ هیچ فشارێک دەنگ بدەن”.

بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت.

کۆمیسۆن: 540 هەزار کەس کارتى دەنگدانیان نوێکردووەتەوە

کۆمیسۆن: 540 هەزار کەس کارتى دەنگدانیان نوێکردووەتەوە