دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە
باسی چی كرا؟
كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن لە هەولێر بەڕێوەچوو
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەولێر كۆبوونەوە و باس لە هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای ئاسایشی ناوەندی لە بەغدا كرا.
وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی هەریەك لە فەریقی یەكەم قەیس خەلەف، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی عێراق و فەریق هادی رزيج، بریكاری وەزیری ناوخۆی عێراق و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د.هێمن میرانی، بەڕیوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
هەروەها لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم و لیوا یادگار ئەنوەر، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم و بەرێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگاكانی هەولێر،دهۆك، سلێمانی، ئەندامانی دیكەی لیژنەی باڵای ئەمنی هەردوولا و نوێنەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەولێر و بەغدا ئامادەی بوون.
وەك ئاماژەی پێكراوە، هەردوولا کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پلانی ئەمنییان تاوتوێ كرد.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، گفتوگۆ لە بارەی پلانی ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاریكردنی کۆمسیۆن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پارێزراو كرا.
بڕیارە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەمەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.