رێنمایى دراوە
پەروەردە بۆ دایک و باوکان: کێشى جانتاى رۆڵەکانتان قورس مەکەن
964+
دەشتى عارف- هەولێر
لەبارەى کێشى جانتاى قوتابیان بەتایبەت قوتابیانى یەکى بنەڕەتى، وەزارەتى پەروەردە دەڵێت: کێشەکەمان چارەسەر کردووە و بۆ ئەمساڵ ئەوە نەماوە.
لە رۆژانى رابردوو، 964 سۆراغى کردووە کە قوتابی وا هەیە تازە چووەتە ناو پڕۆسەی خوێندن، خۆی کێشی 17 کیلۆیە، بەڵام پێنج کیلۆ کتێب و دەفتەر بە شانیەوەیەتی و رۆژانە رێگە دەبڕێ بۆ ئەوەی بگاتە قوتابخانەکەی، زۆرجاریش دایک و باوکیان جانتەکەیان بۆ هەڵدەگرن.
لەبارەی قورسی كێشی جانتای قوتابیانەوە، حەسەن سەرتیپ بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە بە 964ی وت،”ئێمە لەپڕۆگرامی تازەی ئەمساڵی خوێندنی 2025-2026 رەچاوی ئەو گرفتەمان كردووە و بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتای قوتابیانی قۆناغی یەكی بنەڕەتی، لەگەڵ پەرتووكەكە كۆراسەی فێركاریمان بۆیان داناوە لەبری دەفتەری فێركاری”.
باسى لەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ، لاپەڕەی پەرتوكەكانیان كەمكردووەتەوە بۆ لاپەڕەی 80 گرامی و كۆراسەكانیش بۆ 70 گرامی كە زۆر قەبارەیان کەمترە و لەوە كەمتر ناكرێتەوە، سەرباری ئەوەش لە قۆناغەكانی یەك، دوو و سێی بنەڕەتی سەرجەم وانەكانیان بۆ كردوون بە دوو وەرزی یەكەم و دووەمی خوێندن، وەك چارەسەرێك بۆ كەمكردنەوەی كێشی جانتای قوتابیان.
داواش دەکات، دایکان و باوکان خۆیان جانتاى قوتابییەکانیان ئامادە بکەن و بەپێى پێویستى وانەى رۆژانە، پێویستییەکانیان بخەنە ناو جانتاکانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح