تێکەڵبوونی دار و کێبڵ پێکەوە - وێنە: وەزارەتی کارەبا
وەزارەتی کارەبا وا دەڵێ
“لق و پۆپی هەر دارێک لەگەڵ هێڵی کارەبا تێکەڵ بووبێ دەیبڕینەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی کارەبا دەڵێ، هەڵمەتێکی یەک مانگییان لە شاری هەولێر دەست پێ کردووە بۆ بڕینەوەی ئەو لق و پۆپی دارانەی کە لەگەڵ تۆڕەکانی کارەبادا تێکەڵ بوون و دەبنە هۆی پچڕانی کارەبا.
هەروەک وەزارەتەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات، خۆیان لە ماڵپەڕی پرۆژەی رووناکی تۆمار بکەن بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری کارەکان بن و داوادەکات ئۆتۆمبێل لەژێر لقی دار رانەگرن کە لەگەڵ کێبڵ و گەیەنەری کارەبا تێکەڵ بووە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی پرۆژەی رووناکی، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی چاکسازیی لە تۆڕەکانی کارەبای شاری هەولێر راگەیاندووە.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 20.10.2025 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، هەڵمەتەکە بریتییە لە بڕینەوە و جیاکردنەوەی لق و پۆپی ئەو دارانەی کە لەگەڵ تۆڕەکانی کارەبادا تێکەڵ بوون و زۆرجار دەبنە هۆی پچڕانی کارەبای هاوڵاتیان.
چالاکییەکە بۆ ماوەی مانگێک لە شاری هەولێر بەردەوام دەبێت و هاوڵاتییانی هەر ناوچەیەک لە رێگەی کورتەنامەوە پێشوەختە ئاگادار دەکرێنەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکیدایە، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هەموو کوردستان تا کۆتاییی ساڵی 2026.
وەزارەتی کارەبا داوای هاوکاری لە هاوڵاتییان دەکات لە ڕێگەی ئەم دوو هەنگاوەوە:
1. هاوڵاتیان دەتوانن لە ماڵپەڕی پرۆژەی رووناکی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی پێشوەختە ئاگاداری کارەکان بن و کورتەنامەیان پێ بگات.
2. داوا لە هاوڵاتیان کراوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا، ئۆتۆمبێلەکانیان لە ژێر دارەکان رانەگرن، بۆ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ نەگات.