"ئەگەر هەیە بکشێنەوە"
فریاى یانەى نەورۆز بکەون؛ لە لێوارى داڕمانە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
لە دواى رووداوەکانى لالەزار، حاڵى یانەى نەورۆز لەوپەڕى خراپیدایە، یاریزانان دوو مانگە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە و دەستەى کارگێڕیش پێنج مانگ، ئەندامێکى دەستەى راگەیاندنى یانەکەش دەڵێت،” ئاوا بێت ناچارین لە خولى ئەستێرەکانى عێراق بکشێینەوە”.
شاد جەزا، ئەندامى دەستەى راگەیاندنى یانەى نەورۆزى شارى سلێمانى بە 964ـى وت،”دۆخى یانەى نەورۆز لەوپەڕى خراپیدایە، تەنانەت پارەى گەشتمان نییە، بۆیە بەناچارى داواى هاوکاریمان کرد و بڕیارمانداوە کورسییەکانى یاریگا بکەین بە پارە”.
شاد، بە دڵێکى پڕ لە خەمەوە وتى، “ئەگەر ئاوا بڕوات، نەورۆز بەناچارى لە خولى ئەستێرەکانى عێراق دەکشێتەوە”.
بەوتەى ئەو ئەندامەى یانەى نەورۆز، لە زۆر دەرگایان داوە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک ئاوڕى لێنەداونەوە، جەختیش دەکاتەوە، کشانەوەى نەورۆز لە خولى ئەستێرەکانى عێراق،”دەبێتە پەڵەیەکى رەش بە نەوچەوانى سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانى سلێمانییەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح