دەلاکێکی هەڵەبجە ئەم کارە دەکات
بێ بەرانبەر و لە ماڵی خۆیان سەری نەخۆشەکان چاکدەکات
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
گەنجێکی شاری هەڵەبجە کە پیشەی سەرتاشە، بڕیاریداوە بێبەرانبەر و لە ماڵی خۆیان سەری ئەو کەسانە چاکبکات کە نەخۆشن و خاوەن پێداویستی تایبەتن، یاخود بەهەر هۆکارێک ناتوانن بچنە دەلاکخانەکان، لە دوێنێشەوە ئەو بڕیارەی لە پەیج و ئەکاونتەکەی خۆی راگەیاندووە.
راوێژ لهۆن، دەربارەی بڕیارەکەی بە 964ـی وت، دوو هەفتەیە بڕیارەکەى داوە، بەڵام دوێنێ رايگەیاندووە، و ژمارەکەشى داناوە کە هەرکەس پێویستی بێت خۆى دەچێتە لایان و سەری ئەو کەسانە چاکدەکات کە پێویستیانە.
وتیشی “مەرج نییە ئەو کەسانەی لە ماڵەوە سەریان چاکدەکەم هۆکاری ماددی بێت، بەڵکو جاری وا هەیە ئەو کەسە توانای نییە بێت بۆ دوکان، یاخود نەخۆش و پەککەوتەیە، منیش وەک ئەرکێکی مرۆیی ئەو کارە دەکەم”.
راوێژ پێشتریش کاری خێرخوازی کردووە، و دەربارەی کارەکانیشی وتی “پێشتر چوومەتە قوتابخانەکان و هەر خوێندکارێک پێویستی بووبێت یاخود توانای ماددی باش نەبووبێت، بێ بەرانبەر سەرم بۆ چاککردووە، و بڕیاریشم داوە هەتا هێز لە جەستەمدا بێت بەردەوام بم لەسەر ئەم کارەم”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن