"قبوڵى ناکەین"
لەبارەى کردنەوەى یانەى شەوانە لە کەلار روونکردنەوە دەدرێت
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
دوو رۆژە دەنگۆی کردنەوەی باڕ و یانەی شەوانە لە قەزار کەلار پەیج و تۆرەکۆمەڵایەتیەکانی سنوورەکەى تەنیوە، قایمقامی کەلار و گەشتوگوزاریش بابەتەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن،”ھیچ داواکاریەکی وامان بۆنەھاتووە”.
عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار بە 964ـى وت،”ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لە کردنەوەی یانەی شەوانە دەکرێت لە کەلار، ھیچ داواکاریەکی کردنەوەی باڕ و یانەی شەوانەمان بۆنەھاتووە”.
“ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەگەر داواکاری لەوجۆرەشمان پێبگات، بەھیچ جۆرێک قبوڵی ناکەین بەھۆی ئەوەی کەلار شارێکی کۆمەڵایەتییە و جێگای ئەو شتانەی تێدانابێتەوە”،عارف عادل وای وت.
بۆ بەدواداچونی زیاتر 964 پەیوەندیکرد بە ھێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، ئەو بە 964ـى وت،”ئێمەش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو بابەتەمان بیست و پێی شۆک بووین، چونکە ھیچ کەسێک داواکاری لەوجۆرەی پێشکەش نەکردوە و بڕیاریش نییە یانەی شەوانە لە کەلار بکرێتەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح