بەغدا

177 کارگەى بێ مۆڵەت داخران

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، رووپێوییەک بۆ 500 دامەزراوەی پیشەسازی سەرپێچیکار لە بەغدا ئەنجامدراوە و 177 کارگەی نایاسایی تواندنەوەی کانزاکانیش داخراون، کە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

سادق حاتەم، بەڕێوەبەری ژینگەی بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای ئەو رێنماییانە دێت کە بۆ داخستنی کارگەکانی خشتی نایاسایی، شوێنەکانی سووتاندنی زبڵ و خاشاک، کارگەکانی قیڕ و پاڵاوتنی رۆن دەرچوون.

بە وتەی حاتەم، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوای پایتەخت بۆ چەندین سەرچاوە دەگەڕێتەوە لەوانە:

گازە دەرچووەکان لە ئەنجامی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان و بەکارهێنانی سووتەمەنیی کوالێتی نزم.
کارگە بێ مۆڵەتەکان کە پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان نابن.
کردەوەکانی سووتاندنی هەڕەمەکیی زبڵ و خاشاک.
بەڕێوەبەری ژینگەی بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە هەڵمەتە یاساییەکان و رێکارە چاودێرییەکان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی رێژەیی لە ئاستی پیسبوونی هەوا لە مانگەکانی رابردوودا.

وتیشی: “بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، باشبوونێک لە کوالێتیی هەوادا بەدی دەکرێت، ئەمەش بەهۆی داخستنی ژمارەیەک لە کارگە نایاساییەکانەوەیە.”

حاتەم لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە کە “ئیرادەیەکی سیاسیی ڕوون بۆ داخستنی چالاکییە پیسکەرەکان و باشترکردنی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکان و لایەنە ئەمنی و ژینگەییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە ژینگەییە نایاساییەکان هەیە.”

"کەسێک هەزاران تۆن پاشماوەى ئاگر تێبەرداوە و ژینگەى هەولێرى پیس کردووە"