مەترسییان لەسەر نییە

حەوت كەس لە لۆفەكانی سپلیک بریندار بوون

+964

ئاکام غەفور- سۆران

لە نزیکی لۆفەكانی سپیلک رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا و بەهۆیەوە حەوت کەس بریندار بوون.

رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت بووە لە فلکەی رۆیشتنەوە بۆ قەزای هەریر، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ویستویەتی پێچ بکاتەوە، بەهۆیەوە تووشی رووداوەکە بووە.

مفەوەز دلێر عەلی، رێپێدراوی هێڵکاری هاتوچۆی هەریر، بە 964ـی وت، رووداوەکە بەهۆی پێچکردنەوەی ئۆتۆمبێلێک بووە، بەهۆی رووداوەکەش چەند کەسێک بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی هەریر.

وتیشی: رووداوەکە لە نێوان توێتا راففۆڕ و نیسان رۆگێک بووە، سەبەبکاریش راففۆڕەکە بووە، کە بە هەڵە پێچی کردووەتەوە.

محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی شەقڵاوە، بۆ 964 وتی،” حەوت کەس بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانەی هەریر، کە ژن و پیاو و منداڵی تێدابوو، چوار کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون”.

وتیشی، سەرجەم بریندارەکان لە نەخۆشخانەی هەریر چارەسەریان بۆ دەکرێت و کەسیان برینی زۆر قورس نییە و وەزعیان لە مەترسیدا نییە.

ئەمە دووەم رووداوی هاتوچۆیە ئەمڕۆ لە سنووری سۆران رووبدات و هەر ئەم ئێوارەیەش ئۆتۆمبێلی بووك و زاوایەك لە گەلی عەلی بەگ خۆی بە ئۆتۆمبێلێكی دیكەدا كێشا، بەهۆیەوە تەنیا منداڵێك بە سووكی بریندار بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لۆفەکەی سپیلک بووە بە بەڵای شۆفێران

لۆفەکەی سپیلک بووە بە بەڵای شۆفێران