هەر ماڵێک چەندی بەرمیلی پێویستە؟

سبەی لە بیارە نەوت دابەش دەكرێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی بیارە هاوڵاتیانی سنووری خۆی ئاگادار كردەوە، كە سبەی دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لە سۆشیال میدیای خۆی ئەمڕۆ هەینی 17.10.2025 بڵاویكردەوە، سبەی شەممە 18.10.2025 لە شارۆچکەی تەوێڵە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دەستپێدەکات، پرۆسەکە رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت تا لە سنوری ناحیەی بیارە کۆتایی پێدێت.

ناحیەكە ئاشكرای كرد بۆ هەر ماڵێك بڕێ 200 لیتر نەوت دابەش دەكەن، بۆیە هاوڵاتیانیش پێویستە كارتی زیرەك و بڕی 104 هەزار دینار ئامادەبكەن، بۆ ئەوەی نەوتەكەیان وەربگرن.

سنووری ناحیەی بیارە ناوچەیەكی شاخاوی و سنوورییە و سەرما و بەفر زوو لەوێ دەستپێدەكات، بە قسەی هاوڵاتییەكی ئەو سنوورە بۆ 964، هەر ماڵێكیش لە وەرزی زستاندا بەلای كەمەوە پێنج بەرمیل نەوتی پێویستە، بەڵام بە گوێرەی ئاستی سەرماش دیار دەبێت، جگە لەوەش كارەباش بووەتە 24 سەعات لە سنوورەكە و بۆی هەیە یارمەتیدەر بێت خەڵكەكە كەمتر نەوت بەكاربهێنن.