باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتی خوێندنی باڵا
“هەفتەیەک مەجالە بۆ تانەدان لە ئەنجامی زانكۆلاین”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستان رایگەیاند، ئەو خوێندكارانەی تانەیان لە ئەنجامەكانیان لە سیستمی زانكۆلاین هەیە، هەفتەیەك كاتیان هەیە تانەكانیان پێشكەش بكەن.
د.خەتاب ئەحمەد ئەمڕۆ سێشەممە 14.10.225 لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی راگەیاندنی ئەنجامی زانكۆلاین، رایگەیاند، هەفتەیەك دەرفەت هەیە بۆ ئەو خوێندكارانەی تانەیان لە ئەنجامی زانكۆلاین هەیە و دەتوانن لە سبەیەوە تانەكانیان پێشكەش بكەن.
وتیشی، ئەوانەشی ناویان دەرچووە با پەلە بكەن لە پێشكەشكردنی مامەڵەكانیان بۆ ئەو شوێنانەی لێی وەرگیراون و با خوێندنیان دوانەكەوێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستان راگەیاندووە، رۆژی 26ی ئەم مانگە خوێندنی زانكۆ دەستپێدەكات.
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستان هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند رۆژی داهاتوو لینك بۆ دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان و دەرچووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كارا دەكەن، بۆ ئەوەی داواكاری خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم پێشكەش بكەن، كە هەزار و 368 خوێندكاری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان تۆماركراون.
رێككەوتن لەگەڵ خوێندنی باڵای عێراق
د.خەتاب ئەحمەد لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكانیدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رێككەوتوون لەسەر گۆڕینەوەی 500 كورسیی خوێندن، كە 100 كورسییان بۆ خوێندنی ماستەر بووە و ئەمەیان كۆتایی هاتووە، 400 كورسی دیكەش بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس و دیبلۆمی تەكنیكییە، بە پێی رێككەوتنەكە خوێندكارانی كوردستان لە زانكۆكانی عێراق دەتوانن بخوێنن و هی ئەوانیش دەتوانن لە زانكۆكانی كوردستان بخوێنن بەو رێژەیەی دیاریكراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.10.2025 ئەنجامی زانكۆلاین راگەیاندرا و بە قسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 45 هەزار دەرچوو فۆرمیان پڕكردووەتەوە و هەموویان وەرگیراون، هەروەها دەرچووانی
خوێندنگە نێودەوڵەتییەكان و ئەوانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیشن وەردەگیرێن.