بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پارتی و یەکێتی لەسەر چوار خاڵ رێککەوتن

964+

فەهمی نەبی

فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەولێر کۆبوونەوە، بە وتەی لوقمان وەردی هەردوولا لەسەر چوار خاڵ رێککەوتوون، بەڵام پرسی پێکهاتەکان خاڵی ناکۆکی نێوانیان بووە و بێ چارەسەر ماوەتەوە.

بەگوێرەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییە بێت، کە دوای کۆبوونەوەکە ئەنجامدراوە، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە لە نێوانیاندا، بڕیاڕیشیان داوە شەممەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆببنەوە.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 28.2.2023 لە مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی ئەنجامدرا.

دوای چەند کاتژمێر کۆبوونەوە، هەریەکە لە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەڵام کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تر کۆدەبنەوە.

لوقمان وەردی، وتی “ئێمە لەسەر چوار خاڵ ریککەوتووین ئەوانیش “بابەتی چواربازنەیی هەڵبژاردن، پشتبەستن بە تۆماری بایۆمەتری لەسەر بنەمای تۆماری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق، سوودوەرگرتن لە تۆماری دەنگدەرانی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردن بە نیوە لیستی کراوە و لیستی داخراو”.

بەگوێرەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، هەردوولا رێککەوتوون ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

زانا مەلا خالید دەڵێت، ئەگەر هەردوولا لەسەر کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، بابەتەکە جێدەهێڵن بۆ پێکهاتەکان خۆیان.
هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا ئەوەش راگەیەنرا، لەگەڵ هەموارێکی یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش کارا دەکرێتەوە.