"10 عایلە لەسەر باخچەکەم دەژین"
مام خەلیل؛ پیاوێکی بەتاقەت و شارەزایە و شێر و پڵنگ دەفرۆشێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
شێر و پڵنگ ئەو دوو ئاژەڵەی نزیکبوونەوە لێیان ئازایەتی و جورئەتێکی زۆری دەوێ، بەڵام خەلیل کاوانی پیاوێکی بەتاقەت و شارەزایە و نزیکەی 30 ساڵە سەروکاری لەگەڵە ئاژەڵانە، وەک خۆی دەڵێت، زیاتر لە 100 بەچکە شێری بەخێو کردووە و بژێوی 10 خێزانیان پێ دابین دەکات.
خەلیل کاوانی خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەواری تازەـیە لە شاری هەولێر، ئەو بە 964ـی وت، “گرنگی بە شێر و پڵنگ دەدەم، زەرد و سپی تێکەڵ دەکەم و ئاژەڵێکی دەگمەن و جوانیان لێ دەردەچێ، زیاتر لە 30 جار شێر لەم باخچەیەی من زاوزوێی کردووە”.
“10 عایلە لەسەر ئەم باخچەیە دەژی، بیتاقەی سەردانیکردنی باخچەکەشم 500 بۆ 1000 دینارە، بۆیە دەرەقەتی مەسروفی باخچەکە نایەم و ناچارم بە مۆڵەتی فەرمی کڕین و فرۆشتن بە شێر و پڵنگەکانەوە بکەم”.
بەقسەی مام خەلیل، بازاڕی شێریش دابەزیوە، جاران کە بەچکە شێرێک بە سێ هەزار و 500 دۆلار بوو، ئێستا تەنیا دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دۆلار دەکات.
مام خەلیل باسی لەوەشکرد، شێر و ئاژەڵەکانی ئەو مەترسیان نییە، چونکە بەتەواوەتی ماڵیان دەکات، ئەوجا دەیانفرۆشێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری