لە ئیدارەی راپەڕین

گەنجێک دوای بوون بە پارێزەر بە خۆڕایی کار بۆ چەند توێژێك دەکات

+964

ژووری هەواڵ

بەهەست موراد گەنجێکی ئیدارەی راپەرینە و خوێندکاری کۆلێجی یاسای زانکۆی راپەڕین بووە و ئەمساڵ خوێندنی تەواو کردووە وەک خۆی دەڵێت،” هەموو ساڵەکانی خوێندنم بە سەرکەوتووی تەواو کردووە و ئیتر لێرەوە دەمەوێت جیاواز لە هەموان خزمەت بکەم”.

ئەو دوای ئەوەی ئەمساڵ خوێندنەکەی لە ریزبەندی یەکەمەکانی زانکۆکەی تەواو دەکات بڕیار دەدات بە خۆڕایی راوێژی یاسایی و بەڕێوەبردنی بابەتە یاسایەکان بۆ چەند توێژێک ئەنجام بدات.

پارێزەر بەهەست موراد زۆر بە گورموگوڕی و بە شیرینی تەواوبوونی خوێندن دوای 17ساڵ لەبارەی بڕیارەکەی خۆیەوە بە 964ی وت،” خێزانەکەم و مامۆساتاکانم لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیام ڕەنجی زۆریان لەگەڵداوم بۆیە ویستم بەم کارەم وەفای خۆم نیشان بدەم، هەر بۆیە لەگەڵ بوون بە ئەندام لە سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان رامگەیاند کە بۆ مامۆستاکانم لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنم، رۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی دەڤەرەکەم راوێژی یاسای بێ بەرامبەر پێشکەش دەکەم جگە لەوەش لە هەر دادگا و دۆخێک پێویستیان بە هاوکاری من بێت بەبێ بەرامبەر لەگەڵیان دەبم”.

هەروەها ئەو پارێزەرە لاوە ئاماژەی بەوەدا،” بۆ هەریەکە لە گەنجانی دەڤەرەکەم، خاوەن پێداویستی تایبەت، تازە هاوسەرەکان راوێژی یاسایی بێ بەرامبەریان پێ دەدەم بۆ هۆشیاری و زانیاری زیاتر لەبارەی یاساکانی هەرێم و عێڕاق، جگە لەوەش خۆم تەرخان دەکەم بۆ وتنەوەی سیمیناری تایبەتمەندی یاسایی بۆ سەندیکا،داموزاگا حکومەیەکان و ناوەندەکانی خوێندن”.

بەهەست موراد تازە لە 23 ساڵەی بەهاری تەمەنیەتی و وەک خۆی دەڵێت،” دەمەوێت بەم رێچکە شکێنیەم نیشانی هەموانی بدەم دەتوانین بە جوانترین شێوە خزمەت بکەین”.