لە هەولێر
سەنتەرێکی نوێی شوشتنی گورچیلە بە شێوازێکی جیاواز کرایەوە
964+
رێباز خدر- هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-10-2025، لە نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر، سەنتەرێکی نوێی شوشتنی گورچیلە بە شێوازێکی نوێ خرایە خزمەت هاوڵاتیان.
ئەم سەنتەرە بە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.
سامان سەلمان، وتەبێژی تەندروستی گشتی هەولێر، بە 964ـی وت، “گرنگی ئەم سەنتەرە لەوەدایە کە خزمەتگوزارییەکانی بێ بەرامبەرن و نەخۆشان هیچ بڕە پارەیەک نادەن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، سەنتەرەکە پێشوازی لەو نەخۆشانەش دەکات کە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی شاری هەولێر دەکەن و باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.
لای خۆیەوە، نەزیرە ئەنوەر، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ 964 وتی، “شوشتنی گورچیلە بە دوو شێواز دەکرێت، یەکەمیان بەکارهێنانی ئامێرە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ کراوەتەوە تەواو جیاوازە.”
نەزیرە ئەنوەر روونیکردەوە، “شێوازە نوێیەکە لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی بچووکەوە راستەوخۆ لە هەناوی نەخۆشەکەدا دەکرێت و گورچیلەی نەخۆشەکە پاک دەکاتەوە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح