ئاڵاى وڵاتان لە لوتکەى شرم شێخ بۆ ئاشتى
سەرۆکى زیاتر لە 20 وڵات لەوێ دەبن
لە شەرم شێخ کۆتایى بە جەنگى غەزە دەهێنن
964+
وریا فەتاح
بڕیارە سبەینێ دووشەممە، لە هاوینەهەواری شرم شێخ لە دەریای سوور، کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بە بەشداری سەرۆکی زیاتر لە 20 وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بەڕێوەبچێت، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامادە دەبێت.
وتەبێژێکی سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، “لوتکەیەکی نێودەوڵەتی لەژێر ناوی ‘لوتکەی شرم شێخ بۆ ئاشتی’ بەڕێوەدەچێت،” و ئاماژەی بەوەدا کە لوتکەکە بە سەرۆکایەتی هاوبەشی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەبێت.
دیارترین ئەو سەرکردانەی کە ئامادەبوونی خۆیان پشتڕاستکردووەتەوە بریتین لە: سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کێر ستارمەر، سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز و سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی بەشداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رانەگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە، حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس، رایگەیاندووە کە “حەماس بەشداری لە پرۆسەی واژۆکردنەکەدا ناکات” و ئامادەبوون تەنیا بۆ “ناوەندگیرەکان و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی” دەبێت.
لەسەر ئەو رووداوە مێژووییە، کۆشکی ئێلیزێ رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی دووشەممە دەچێتە میسر بۆ پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە ئامانجی گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دەستپێکردنەوەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ کەرتی غەززە.
هاوکات، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە کێر ستارمەر بۆ بەشداریکردن لە “خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ ناوچەکە دوای دوو ساڵ لە ململانێ و خوێنڕشتن،” سەردانی میسر دەکات.
هەروەها نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی لە لوتکەکەدا پشتڕاستکردەوە، و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاندووە کە “بەم زووانە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت.”