لە ئێران کۆرپەلەیەکی مۆمیاکراو لە سکی ژنێکی تەمەن 71 ساڵ دەرهێنرا - وێنە؛ ئیرنا
دوای زیاتر لە 35 ساڵ
کۆرپەلەیەکی مۆمیاکراو لە سکی ژنێکی تەمەن 71 ساڵ دەرهێنرا
964+
شۆڕش قادری
لە شاری مەشهەدـی ئێران کۆرپەلەیەکی مۆمیاکراو دوای زیاتر لە 35 ساڵ لە سکی ژنێکی تەمەن 71 ساڵ دەرهێنرا.
پزیشکانی نەخۆشخانەی شەهید هاشمی نەژاد لە شاری مەشهەد توانیان بە نەشتەرگەرییەکی قورس و کەم وێنە، کۆرپەلەیەکی مۆمیاکراو لە سکی ژنێکی تەمەن 71 ساڵی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بیرجەند دەربهێنن، کە زیاتر لە 35 ساڵدا بووە لە سکیدا ماوەتەوە.
ئەو ژنە هەستی بە ئازارێکی زۆر لە سک و کەمەریدا کردووە و بەوهۆیەشەوە سەردانی نەخۆشخانەی هاشمی نەژادی کردووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە گرێیەکی نائاسایی لە منداڵدانیدا هەیە، بۆیە براوەتە بەشی فریاکەوتن و بەخێرایی نەشتەرگەری بۆ کراوە.
لە کاتی نەشتەرگەریدا دەرکەوتووە کە ئەو گرێیە لە راستیدا کۆرپەلەیەکی مۆمیاکراوە کە زیاتر لە سێ دەیە پێش و لەکاتی هەشتەمین منداڵبوونی ئەو ژنە، لە منداڵدانیدا جێ ماوە.
ئەم قسانە د. وەحید وەحیدیان پزیشکی نەشتەرگەری گشتی و ئەندامی لیژنەی زانستی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی مەشهەد بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای وتووە.
ئەو پزیشکە زیاتر روونیکردووەتەوە و وتوویەتی، “ئەو ژنە لەکاتی دوایین دووگیانبوونی، کۆرپەلەیەکی دووانەی لە سکیدا بووە، بەڵام ئەو کات بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی پێشکەوتوو، یەکێک لە کۆرپەلەکان لەدایکبووە و ئەوەی دیکە لە سکیدا ماوەتەوە و نەیانزانیوە، دواتر بەپێی تێپەڕبوونی کات، چووەتە حاڵەتی مۆمیاکراودا و بووە بە 800 گرام و بەهەوڵی تیمی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی هاشمی نەژاد و لە ماوەی 90 خولەکەدا لە سکی ئەو ژنە دەرهێنراوە”.
وەحیدیان ئاماژەی بەوەشکردووە، تەندروستی ئەو ژنە باشە و بەمنزیکانە لە نەخۆشخانە دەردەچێت.