"هەواڵ به‌ناوى سەرچاوەیه‌ك بڵاوبكرێته‌وه‌ دوورە لە راستیەوە"

وەزارەتی خوێندنی باڵا ده‌ڵێت هه‌واڵمان هه‌بێت لاى خۆمان بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند، هەر هەواڵێک بەناوی سەرچاوەیەکەوە بڵاوبكرێتەوە، دوورە لە راستییەوە و ده‌ڵێت هه‌واڵى تایبه‌ت به‌ خۆیان ته‌نیا له‌ ماڵپەڕ و پەیجی فەرمی وەزارەت وه‌ربگرن.

ئه‌م قسه‌یه‌ى وه‌زاره‌ت، له‌سه‌ر کارکردنیانه‌ لەسەر ئەنجامەکانی دەرچوانی 12ـی ئامادەیی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ده‌ڵێت “كاره‌كانمان بەردەوامە و لەکاتی تەواوبونی پرۆسەکە هەمولایەک لەسەر کاتی راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین ئاگاداردەکەنەوە”.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوه‌، لەکاتی تەواوبونی پرۆسەکە، ئه‌وان خۆیان هەمولایەک لەسەر کاتی راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین ئاگاداردەکەنەوە، بۆیە ده‌ڵێت “هەر هەواڵێک بەناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کە بڵاودەکرێتەوە لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، دورە لە راستییەوە”.

باسی لەوەشكرد، داوا لە دەرچوان دەکەن بۆ وەرگرتنی هەواڵی راست لەبارەى کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان چاویان لەسەر ماڵپەڕ و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بێت.