دەستی بەسەرداگیرا و سزای داراییش درا

تاکسییەک رەقەمەکەی بەشێوەی دەڕاب داناوە و لەبەردەم کامێراکان شاردویەتییەوە

شۆڕش قادری

لە زاخۆ شۆفێر تاکسییەک رەقەمی ئۆتۆمبێلەکەی بەشێوەی دەڕاب داناوە و هەرکات ویستبێتی، رەقەمەکی شاردووەتەوە، پۆلیس دۆزییەوە و دەستی بەسەرداگرت.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی زاخۆ، دەستیان بەسەر تاکسییەکدا گرتووە کە رەقەمەکەی بەشێوەی دەڕاب بووە و شۆفێرەکەی هەرکات گەیشتووەتە بەردەم کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەویی، دەڕابی داداوەتەوە و رەقەمەکی شاردۆتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی تاکسییەکە، شۆفێرەکەشی بە پێبژاردنی دارایی سزا دراوە.

هاتوچۆی زاخۆ داوا لە شۆفێران و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەکات، خۆ لەو جۆرە کارانە بەدوور بگرن، بۆ ئەوەی تووشی سزا و کێشە نەبنەوە.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم دانانی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی بەشێوەی دەڕاب قەدەغە کردووە و هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.