وەزیری ناوخۆی عێراق و فەرماندەی پۆلیسی ستۆكهۆڵم
مەشق بە فێرخوازانی عێراق دەكرێت
عێراق و سوێد لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تاوان و گۆڕینەوەی زانیاری رێككەوتن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی 10.10.2025 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سنووربەزێنەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و لەگەڵ یۆهان ئۆلسۆن، سەرۆکی پۆلیسی سوێد رێککەوتنێكی واژۆ كرد.
نووسینگەی وەزیری ناوخۆی عێراق عەبدولئەمیر ئەلشەمەری لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، “لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ تاوتوێ کراون، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکانی دەرەوەی سنوورەكانیان، ئاڵوگۆڕی زانیاری و گومانلێکراوان، بەدواداچوون بۆ تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی تاوان، هەروەها ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری راهێنان و بڕوانامە ئەمنییەکاندا”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “ئەگەری ناردنی خوێندکار و فێرخوازان لە عێراقەوە بۆ سوێد بۆ مەشقی ئەمنی تایبەتمەند، هەروەها وەرگرتنی کارمەندانی سوێدی بۆ مەشق و راهێنان لە عێراق و ئاڵوگۆڕی شارەزایی، هەروەها پرسەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی ئەدای وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بوارەکانی پۆلیسی تاوانکاری، تەکنەلۆژیای لێکۆڵینەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنیەکانیش تاوتوێ کران”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، شاندێکی باڵای عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆی سوێد بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد، کە تایبەتمەندی ئەرێنی و خواستی هاوبەشی بۆ پەرەپێدانی ئاسۆی هاوکاری ئەمنی نێوان عێراق و سوێد بوو.