دانانی پزیشکی گشتی هەڵای ناوەتەوە
لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار شێوازی بینینی نەخۆش گۆڕانکاری بەسەرداھاتووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ماوەی چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، پزیشکێکی گشتی دانراوە پێش ئەوەی نەخۆش بڕواتە لای پزیشکی پسپۆڕ، پزیشکە گشتیەکە دەیبینێت و بەپێی نەخۆشییەکەی دەینێرێتە لای پزیشک، ئەمەش نیگەرانی لای ھاوڵاتیان دروست کردبوو.
حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە گشتی کەلار بە 964ـی وت،”ئێمە ئەو کارەمان بۆ ئەوە کردووە لۆدی سەر پزیشکە پسپۆرییەکان کەمببێتەوە و کاتی پێویست بدرێت بە نەخۆشەکان، لەرێگەی پزیشکی گشتییەوە نەخۆشەکان بنێردرێن بۆلای پزیشکی پسپۆڕ”.
“یەک پزیشکی گشتیمان دانابوو، ئەمەش قەرەباڵەغیەکی زۆری دروستکردبوو بۆیە ھاوڵاتیان نیگەران بوون و گلەییان دەکرد، بەڵام ھەوڵدەدەین چەند پزیشکێکی گشتی دابنێین و ئەو گرفتەش نەمێنێت”، حارس محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جیاکردنەوەیە لە سودی نەخۆشەکانە، لەوانەیە نەخۆشەکە پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕ نەبێت، پزیشکە گشتییەکە دەتوانێت راستەوخۆ چارەسەری بۆ بنوسێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری