کارەبای 24 سەعاتی دانیشتووانی دەڤەرەکەی کردووە بە دووبەرەوە

لە رانیە ناکۆکی لە نێوان خاوەن مۆلیدەکان و بەرپرسە ئیدارییەکان دروستبووە

964+

ژووری هەواڵ

هێشتا کارەبا 24 سەعاتییەکە نەگەیشتووەتە رانیە و تەنیا تیمەکانی ناوتۆمارکردنی هاوبەشەکان سەردانی گەڕەکەکان دەکەن، بەڵام ناکۆکی لە نێوان خاوەن مۆلیدەکان و ئیدارەی راپەڕین دروستبووە و هاوڵاتیانیش بوونەتە دوو بەرەوە، بەشێکیان خێرا ناویان تۆمار کردووە و بەشێکی تریشیان پرۆژەکەیان بەدڵ نییە و دەڵێن، “پارەی زۆرمان بۆ دێتەوە”.

فاتیمە ئەمین دانیشتووی رانیەیە و لە دوو رۆژی رابردوودا تیمەکانی تۆمارکردنی هاوبەشەکان بۆ پڕۆژەی رووناکی سەردانی گەڕەکەکەیان کردووە، باجی فاتیمە بە 964ـی وت، “بە بڕوای من ئەم پڕۆژەیە باشترە لە مۆلیدەکان هەم وەکو گەڕانەوەی داهاتی زیاتر، هەم وەکو سودی ژینگە، لە هەمووشی خۆشتر، 24 کاتژمێر کارەبامان دەبێت و ئەوەش بەرەکەتە بۆ ژنی ماڵ و بە دڵخۆشیەوە ناومان تۆمارکردوە”.

پێچەوانەی قسەکانی باجی فاتیمە، قادر محەمەد پڕۆژەکەی بەدڵ نییە و دەڵێت، “پێموایە سیستمە کۆنەکە باشترە و ئەم پرۆژەیە پارەی زیاترمان لێوەردەگرن، هەرچی خزم و کەسە لە شارەکانی کە وا دەڵێن، ئەوجا کەشوهەوای وڵاتی ئێمەش دیارە چۆنە، بەخوای بارانەک ببارێ، کارەبا دەبڕێ، بۆیە فۆڕمەکەم پڕ نەکردۆتەوە و نیەتیشم نییە پڕی بکەمەوە”.

سەبارەت بەو بابەتە عەلی محەمەد بەڕێوەبەری گشتی کارەبای رانیە بە 964ـی وت، “تا ئێستا 25%ـی هاوڵاتیانی دەڤەرەکەمان سەردانیان کراوە و فۆڕمەکەیان پڕۆکردۆتەوە، تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بە گەڕەکەکاندا و هەوڵ دەدەین بەزووترین کات پڕۆژەکە بە تەواوی بگاتە دەڤەرەکەمان”.

لەبارەی گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان عەلی محەمەد وتی، “ئێمە گرێبەست لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان دەکەین بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا حاڵەتێکی نەخوازراو هەبوو، ئەوان کارەبا بدەن بە هاوڵاتیان”.

نوێنەری مۆلیدەکانی رانیە ناڕازیە لە دۆخەکە و لەبارەی گازەندەکانیان بە 964ـی وت،” ئێمە هیچ لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا باسی دەکات نازانین و نامانەوێت واژۆی بکەین، چونکە سوودی نییە بۆ ئێمە و زیانی زیاترە”.

هاوکار رەسوڵ هۆکاری واژنەکردنی گریبەستە نوێکەی پڕۆژەی روناکی دەگەڕێنێتەوە بۆ گرێبەستە بەردەوامەکەیان لەگەڵ ئیدراەی ڕاپەڕین و وتی، “ئێمە گرێبەستێکی دوو ساڵیمان لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین کردووە و بەشی زۆری خاوەن مۆلیدەکان وادەی گرێبەستەکەیان ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت و بە ئێمەیان وت، پڕۆژەکە تا ساڵی داهاتوو ناگاتە دەڤەرەکە، بۆیە ئێمەش ئامادەکاری زۆرمان کردووە و ئێستا ئامادە نیین ئەم گرێبەستە هەڵبوەشێنینەوە و زیانمان پێ دەگات”.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕینیش خۆی لێیان هەڵداوەتەوە سەرپشت و بە 964ـی راگەیاند، “راست نییە، ئەم گرێبەستە بەشی زۆری تا 1ـی مانگی تشرینی دووەم کاری پێ دەکرێت و لە راستیدا گرێبەستەکەی پڕۆژەی ڕوناکی قازانجی ئەوانە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەی ئەو خاوەن مۆلیدانە چی بکەن و بەڵگەی گرێبەستەکانیان لایە و نایانەوێت گرێبەستە نویێکە واژۆ بکەن؟  هیوا قەرەنی وتی،” با بڕۆن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن، بە لای منەوە سوودی بۆ هەزاران کەسی شارەکە گرنگترە لە سوودی خاوەن مۆلیدەکان”.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا چوار ملیۆن هاوڵاتی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە، کە زیاتر لە 115 هەزار موڵکی بازرگانین و دابەش بووە بەسەر زیاتر لە 350 گەڕەکی جیاواز و بەم هۆیەشەوە 3200 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە.

راپەڕین خۆی بۆ پڕۆژەی رووناکی ئامادە دەکات

راپەڕین خۆی بۆ پڕۆژەی رووناکی ئامادە دەکات

لە گەڕەکێکی رانیە کارەبای 20 ماڵ بڕدرا

لە گەڕەکێکی رانیە کارەبای 20 ماڵ بڕدرا