بکوژی فرۆکەوانە عێراقییەکە لە سلێمانی دەستگیرکرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی فرۆکەوانێکی خانەنشینکراوی عێراق دەستگیرکرا، دەزگای ئاسایشی عێراق دەڵێت، بکوژەکە پارەشی لە فرۆکەوانەکە دزیوە.
دوێنێ دووشەممە 27.2.2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راگەیەندراوێکی لە فەیسبوک بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دوای هەوڵێکی هەواڵگری و بەدواداچوونی ورد، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ئەنبار، توانیان بکوژی سەعد موحسین مەرزوک دلێمی لە سلێمانی دەستگیر بکەن.”
تۆمەتبارەکە لەکاتی هەڵهاتن بەرەو سلێمانی دەستگیرکراوە و بڕە پارەیەکی پێبووە کە پارەی فڕۆکەوانەکە بووە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وا دەڵێت.
فرۆکەوانەکە شەش رۆژ بەر لەئێستا لە قەزای کەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کوژراوە
کوژراوەکە فڕۆکەوانێکی خانەنشینکراوە، کە ئەفسەری هێزی ئاسمانیی عێراق بووە بە پلەی عەقید، لە قەزای کەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کوژراوە.
“تۆمەتبارەکە بڕە پارەیەکی پێبووە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ کوژراوەکە گەڕاوەتەوە. دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنی دادوەری بەدواداچوون بۆ بکوژەکە کرا کاتێک بەرەو سلێمانی هەڵاتووە، دوای دەستگیرکردنی قسەکانی وەرگیرا و رەوانەی لایەنە یاساییە تایبەتمەندەکان کرا،” دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند.