لە شارەزوور
کارەبای ئەو 100 ماڵ و دوکانە دێتەوە کە محاویلەکەیان سووتا
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ئەو محاویلەیە چاککرایەوە کە شەوی رابردوو لە قەزای شارەزوور بەهۆکارێکی نادیار ئاگری تێبەربوو و زیاتر لە 100 ماڵ و دوکانی گوزەرەکەی بێ کارەبا کرد.
ئەو شوێنە پێی دەڵێن، بازاڕی هەڵەبجەیەکان لەقەزای شارەزوور.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10.8.2025، حاجی لوقمان لێپرسراوی هۆبەی کارەبای شارەزوور بە 964ی وت، “شەوی رابردوو کە ئاگر لەدوکانێک کەوتووەتەوە و محاویلەیەکی کارەبای ئێمەی لەبەردەمدایە، بەهۆیەوە سەرجەم کێبڵ و قاتعەکانی ناو محاویلەکە سوتاوە و زیاتر لە 100 ماڵ و دوکانی بێ کارەبا کردووە”.
بەوتەی حاجی لوقمان، تیمەکانیان سەرقاڵی چاکردنەوەی محاویلە سوتاوەکەن، دوو قاتعی سوتاوە لەگەڵ تەواوی کێبڵەکانی، هەوڵدەدەن تاوەکوو درەنگانی ئەمشەو کارەبا بۆ هاوڵاتییان هەڵبکەنەوە.
ئەو لێپرسراوە وتی، داوای یاسایشیان لەسەر رووداوەکە تۆمارکردووە، تا هۆکار یان تۆمەتباری رووداوەکە دەستنیشان بکرێ، کە بەهۆیەوە ئاگرەکە هەڵگیرساوە و محاویلەکەیان سوتاوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا