دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا:
“مانەوەی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندان پێشێلکارییە”
ژووری هەواڵ
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 8.10.2025 دوایین وادەیە بۆ ئەوەی تورکیا تانە لە بڕیاری دادگەكە بدات، كە بڕیاری ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی داوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار بڕیاری ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی داوە، دوو جاری پێشوو لە ساڵانی 2018 و 2020 بوو.
دوایین جاریش رۆژی 8ی تەممووزی 2025 جەختی لە ئازادکردنی کردەوە.
میدیاكانی ئەوروپا باس لەوە دەكەن، دوێنێ تورکیا داواکاری ئاراستەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بڕیارەکە كردووە.
دادگاکە رایگەیاند، دەستگیرکردنی دەمیرتاش دەستوەردانێکی سیاسی بووە.
دەمیرتاش ساڵی 2016 بە تۆمەتی هاوکاری تیرۆر دەستگیرکرا، هەروەها بە بانگەوازی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ تۆمەتبارکرا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 2021 خەڵاتی ڤایمەری بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ وەرگرت.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە، دواتر خستیە بڕگەی 90ی دەستوری وڵاتەکەی.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی بێت، دەبێت بڕیارەکان جێبەجێ بکات.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت ئەوەیە، ئەگەر تورکیا دەمیرتاش ئازاد نەکات، دادگاکە ئەو وڵاتە سزا دەدات.