كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن:

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بڕۆن كارتی دەنگدان وەربگرنەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق داوا لە پێشمەرگە و زێرەڤانی و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس دەكات، بچن لە نووسینگەكانی كۆمیسیۆن كارتەكانی بایۆمەتری وەربگرنەوە. بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردن بكەن

جومانە غەلای ئەمڕۆ سێشەممە 7.10.2025 لە راگەیاندراوێكدا لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە واتساپ، داوا لە پێشمەرگە، زێرەڤانی، هێزە ئەمنییەكان، پۆلیس، هەروەها حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەش دەكات، لە دەنگدانی تایبەت بەشدار دەبن، بچن بۆ نووسینگەكانی كۆمیسیۆن لە شارەكان لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كارتی بایۆمەتریی تایبەت بە دەنگدان وەربگرنەوە.

دەشڵێت: بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی تایبەتتان نەفەوێت، كارتەكانتان وەربگرنەوە.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی كۆمیسیۆنەكە بڵاویكردووەتەوە، یەك ملیۆن و 313 هەزار و 859 كەس مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەت هەیە، تا ئەمڕۆش 211 هەزار و 267 كارتی دەنگدانی تایبەت ماون و وەرنەگیراونەتەوە.

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 9.11.2025 بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنی گشتییش لە 11.11.2025 بەڕێوەدەچێت.

964 لە بانگەشەى هەڵبژاردن چى دەکات؟

964 لە بانگەشەى هەڵبژاردن چى دەکات؟