وەرگێڕێکی ئەمریکی
15 ساڵە لە کوردستانە و چەندین کتێبی ئەدەبی کوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ماری لوبرس، وەرگێڕێکی ئەمریکییە و دامەزرێنەری “ناوەندی کەشکۆڵ”ە لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی، ماوەی 15 ساڵە لە سلێمانی دەژی و دەڵێت، گەورەترین خزمەتی ئەو بە ئەدەبی کوردی، دروستکردنی نەوەیەکی نوێی وەرگێڕی کوردە کە ئێستا بوونەتە هاوکار و هاوپیشەی خۆی.
ماری لوبرس، بە 964ـی وت، راستە لەوانەیە کاری وەرگێڕان بۆ من مەحاڵ بێت، بەڵام مرۆڤ نابێت لەبەردەم کاری مەحاڵدا دەستەوەستان بوەستێت، بەڵکو دەبێت دەستپێبکات، گرنگترین شت بۆ وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، نەترسانە لە پرسیارکردن لەو شتەی نایزانیت، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە کۆنتێکستی بابەتەکە، ئەمەش وا دەکات بتوانیت بە باشترین شێوە مانا و گیانی دەقەکە بگوازیتەوە.
دەشڵێت، دوای 15 ساڵ ژیان لە هەرێمی کوردستان و وەرگێڕانی چەندین کتێبی کوردی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، گەورەترین خزمەتی ئەو بە کوردستان و کتێبخانەی کوردی ئامادەکردنی چەند گەنجێکی کوردە، کە لە رێگەی ئەوەوە فێری کاری وەرگێڕان بوون و ئێستا هەندێکیان خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران.
“ئەوان چیتر خوێندکاری من نین، بەڵکو هاوکارمن، ئەمە بە باشترین دیاری دەزانم کە پێشکەش بە کوردستان و ئەدەبەکەی بکەم” ماری وای وت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر