"دوور بن له‌ شێواندنى ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی"

سەندیکای رۆژنامەنوسان هیواداره‌ هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی رۆژنامه‌نوسان‌ دوباره‌ ببێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ كاتی بەڕێوەچونی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، هیواداره‌ هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی رۆژنامه‌نوسان‌ و ده‌زگا‌كانی میدیا دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و داوا لە هەموولایه‌كیش دەكات هاوكاری رۆژنامه‌نوسان بن، به‌رۆژنامه‌نووسانیش ده‌ڵێت، خۆتان بە دوربگرن لە هه‌ر كارێك كە ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت.

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، له‌ماوه‌ی پڕۆسەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومەنی نوێنه‌رانی عێراق، کە بەربژێران و لیست‌ و قه‌واره‌ سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن، له‌م ماوه‌یه‌دا، ململانێ ‌و گوتاری سیاسی‌ و میدیایی توند ده‌بێت‌، به‌ راددەیەک زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا و رۆژنامه‌نوسان ده‌بنه‌ به‌شێك له‌م توندبوونی گوتار و لێدوان و ركابه‌رییە سیاسییە.

ده‌شڵێت، له ‌ره‌وشێكی وه‌های چاوه‌ڕانكراودا، به‌پێی ئه‌زمونی خوله‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجومەنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی رۆژنامه‌نوسان‌ و ده‌زگا‌كانی میدیا دووباره‌ ببێته‌وه‌.

سه‌ندیكا، بانگى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییەکان، بەربژێران، دامه‌زراوه‌ فه‌رمییەکانی حکومەت و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، هاوكاری رۆژنامه‌نوسان بکەن، به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ رۆژنامەنوسان ته‌نیا پیشه‌یه‌كی گرنگ پیاده‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پێوه‌ری ئازادی و دیموكراسییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و “داوادەکەین رێز لە رۆژنامەنوسان و دەزگا فەرمییەکان بگرن و هاوکاریان بن”.

سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان، داوا له‌ ده‌زگا‌كانی میدیاش ده‌كات، له‌ گوتاری میدیاییاندا، خۆیان به‌دوور بگرن له‌ هه‌ر شێوازێكی كاری رۆژانه‌دا، كه‌ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت، لە بەرانبەر ئەوەدا ئیتیک و پرۆفیشیناڵی له‌كاری میدیایی پێڕەو بکەن.

داواكارییه‌كی دیكه‌شی له‌ رۆژنامه‌نووسان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له ‌كاتی روماڵی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پێناسی رۆژنامەنوسی و جلی ناسینه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسان بپۆشن‌، مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی پیشه‌یی پێڕەو بكه‌ن، لەگەڵ بونی هەر پێشێلکارییەک لە دژیان، داوا لە رۆژنامەنوسان دەکات لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنوسان و مافی رۆژنامەنوسان ئاگادار بکەنەوە.

لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسان داوای پاکسازیی لە ل...

لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسان داوای پاکسازیی لە لیستی ئەندامەکانی دەکات