جوتیارانی کەلار زەرەرمەندی یەکەمن
بەروبوومی عێراق دێت و هی کوردستان رێگەی پێنادرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
جوتیاران و کاسبکارانی عەلوەی کەلار گگلەیی ئەوە دەکەن کە لە بازگەکان جیاکاری لە نێوان بەروبوومی ناوخۆیی هەرێم و ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکرێت، بەشێوەیەک رێگە دەدرێت بەروبوومی عێراق بێتە ناو بازاڕەکانی گەرمیان، بەڵام رێگری لە چوونە دەرەوەی بەروبوومی گەرمیان بۆ شارەکانی عێراق دەکرێت.
ئەو جیاکارییە وایکردووە عەلوەی کەلار پڕ ببێت لە بەروبووم و نرخەکەی بە جۆرێک دابەزێت کە تێچووەکەشی بۆ جوتیار نەگەڕێتەوە، چونکە بازاڕی ناوخۆیی گەرمیان توانای ساغکردنەوەی ئەو هەموو بەرهەمەی نییە.
حەیدەر عەلی، کاسبکارێکی عەلوەی کەلار بە 964ی وت: “ئەوەی سەیرە لای بازگەکان، تەنها بەروبوومی ناوچەکانی خوارووی عێراق بە ‘بەرهەمی ناوخۆ’ هەژمار دەکرێت و بە ئاسانی دێتە عەلوەی کەلار، بەڵام بەرهەمی ئێمە بە ناوخۆ دانانێن و رێگەی پێنادەن بچێتە خوارووی عێراق.”
ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەش کرد، جوتیارانی سنوورەکە کە بەرهەمەکانیان دەهێننە عەلوە، بەهۆی کەمیی کڕیار و داخرانی رێگای هەناردە بۆ شارەکانی تری عێراق، زەرەری گەورە دەکەن و بەرهەمەکانیان پارە ناکات.
کێشەی ساغنەبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی لە گەرمیان ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی دانەوێڵە و سەوزەواتدا دووبارە دەبێتەوە، جوتیارانیش داوا دەکەن مامەڵەیەک یەکسان لە بازگەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی رەنجەکەیان بە فیڕۆ نەچێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح