شارەوانیی هەولێر خۆی دەیكات

چەند شەقامێک لە گەڕەکی سەربەخۆیی دروست دەكرێن

ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە گەڕەكی سەربەخۆیی شەقام دروست دەكەن و سەرۆكی شارەوانییش دەڵێت، لەسەر داهاتی خۆیان جێبەجێی دەكەن.

كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی  شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 3.10.2025 بە 964ی راگەیاند، دەستکرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کردنەوەی چەند شەقامێكی سەرەكی لە گەڕەکی سەربەخۆیی، لە چوارچێوەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە گەڕەکە نوێیەکانی شاری هەولێر.

وتیشی، لەسەر داهاتی 15%ـی سەرۆکایەتیی شارەوانی، لە پڕۆژەكەدا چەند شەقامێك لە گەڕەکی سەربەخۆیی کەرتی (2000)ـی سێبەردان، كە دەكەوێتە پشت گەڕەكی هەوڵێری نوێ، دروست دەكرێت، کە پێکهاتووە لە کردنەوەی شەقام و تەسویە و تێکەڵەڕێژکردنی بە نزیکەی 50 هەزار مەتر دووجا.

شارەوانیی هەولێر ماوەیەكە بەخۆكەوتوون و ژمارەیەكی زۆر شەقامیشیان لە گەڕەكەكانی هەولێر قیر و نۆژەنكردووەتەوە.