شمشێری بۆ زنجیرە درامای "مامی ئالان" دروست کردووە
مام سەباح، 50 ساڵە بە چەکوش ئاسن نەرم دەکات و بە ساز رۆحی ئارام دەکاتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە گەڕەکێکی کۆنی شاری هەولێردا، مام سەباحی ئاسنگەر 50 ساڵە لەگەڵ ئاگر و چەکوشدا کار دەکات و شتی بەکەڵک لە ئاسنی بێکەڵک دروست دەکات، بەڵام دوای ماندووبوونی رۆژێکی قورس، بە ژەنینی سازەکەی ئارامی بۆ رۆحی دەگەڕێنێتەوە.
دینار و نیوێک بەهای دوو وەرەقەی ئێستای هەبوو
سەباح سدیق، ناسراو بە مام سەباح، ماوەی 50 ساڵە لەناو دوکانە بچووکەکەیدا کاری ئاسنگەری دەکات، بە 964ـی وت، لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکردا، 20 داسی بە دینار و نیوێک فرۆشتووە کە ئەوکات بەهای زیاتر لە دوو وەرەقەی ئێستای هەبووە و ئەودەڵێت، “ئێستا بە پێنج هەزار دینار داسێک دروست دەکەم، فلسێکی قازانجی تێدا نییە”.
شمشێری بۆ زنجیرە درامای “مامی ئالان” دروست کردووە
مام سەباح جگە لە دروستکردنی داس و تەور و چەکوش، خولیای بۆ موزیکیش هەیە و خۆی فێری ژەنینی ئامێری ساز کردووە، جگە لەوەی شمشێر و تیر و رمیش دروست دەکات.
یەکێک لە شمشێرەکانی لە ئاسنی دەبابە دروست کردووە و دەڵێت، “ئەوەندە بەقوەتە، حەوت شمشێری پێ لەت دەکرێت.” هەروەها بۆ زنجیرە درامای مامی ئالانیش، 500 تیر، 500 رم و 50 شمشێری دروست کردووە، ئەو کارەکەی بە “خەستەخانەی خۆی” دەزانێت و دەڵێت، دوای کارکردن بە ژەنینی دوو سێ ئاواز بە سازەکەی ماندووبوونی لەبیر دەچێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر