خوێندکارانی پزیشکی پشکنینی خۆڕایی دەکەن و رێنماییت پێدەدەن
یازدەیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی تەندروستی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بۆ ماوەی دوو رۆژ لە پارکی ئازادی سلێمانی، ژمارەیەک خوێندکاری بەشی پزیشکی گشتی، یازدەیەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی تەندروستییان رێکخستووە، کە تێیدا چەندین پشکنینی پزیشکی خۆڕایی و هۆشیاری تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتییان دەکەن.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن لقی سلێمانی رێکخراوی (IFMSA) و بە سپۆنسەری نەخۆشخانەی ئاسیای نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
سرووش جەلال، سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964ـی وت، “ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی خەڵکە دەربارەی نەخۆشییە باوەکان، لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین پشکنینی خۆڕایی وەک نەخۆشی شەکرە، بەرزە فشاری خوێن، نەخۆشییەکانی جگەر و چەندین پشکنینی دیکە، هەموو خزمەتگوزارییەکانیشمان بێ بەرامبەرن.”
جگە لە پشکنینەکان، خوێندکاران ئامۆژگاری تەندروستیش پێشکەش دەکەن، یەکێک لە خوێندکارە بەشداربووەکان بە 964ـی وت، “داوا لە خەڵک دەکەین بۆ ژیانێکی تەندروست، هەموو شەوێک لە نێوان کاتژمێر 10 بۆ 11 بخەون و لانیکەم دوو کاتژمێر پێش خەوتن سەیری شاشەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان نەکەن، چونکە رووناکییەکەیان رێگرن لە دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین کە بۆ خەوێکی باش پێویستە.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر