دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - وێنە: 964
رۆژبەڕۆژ قەرەباڵغتر دەبێت
لە شەش مانگدا زیاتر لە 845 هەزار گەشتیار لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاموشۆیان کردووە
964+
شۆڕش قادری
مەرزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران رۆژبەڕۆژ قەرەباڵغتر دەبن و لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە 845 هەزار گەشتیار تەنیا لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاموشۆیان کردووە.
محەمەد رەزایی بەڕێوەبەری تێرمیناڵی مەرزی تەمەرچین (حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێرانەوە) بە ئاژانسی هەواڵی مێهرـی وتووە، لە 21.3.2025 تا 21.9.2025 ، 845 هەزار و 618 گەشتیار لە مەرزەکەوە هاتوچۆیان کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو لەو کاتەدا رێژەکە 32٪ زیادیکردووە.
ئەم ژمارەیە بەدەر لە ژمارەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێنـە کە ساڵانە لە رۆژانی تاسوعا و عاشورا لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستانەوە خۆیان دەگەیننە شارەکانی نەجەف و کەربەلا.
باسی لەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا هەشت هەزار و 881 پاسی گواستنەوەی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون و چوون.
هەر بەقسەی رەزایی لەو شەش مانگەدا 20 هەزار و 730 بارهەڵگری ترانزیت لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاموشۆیان کردووە کە 18 هەزار و سێ بارهەڵگریان لە ئێرانەوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 12٪ زیادیکردووە.
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە 25 کیلۆمەتری قەزای چۆمان و 11 کیلۆمەتری شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت.