ئەو پەتاتەیەی بڕیارە هەناردەی ئیمارات بکرێت. وێنە:وەزارەتی کشتوکاڵ.
پەتاتە سەرتۆپە
بە نۆ مانگ؛ دهۆک نزیکەى 210 هەزار تۆن بەرهەمى کشتوکاڵى بۆ شارەکانى عێراق ناردووە
وریا فەتاح
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک، تەنیا لە مانگی نۆى ئەمساڵدا، زیاتر لە 45 هەزار تۆن بەرهەمى کشتوکاڵی ناوخۆی پارێزگاکە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە.
پارێزگای دهۆک بە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ناسراوە و ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە سەوزە و میوەی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە واژۆی ئەحمەد جەمیل ئەبو زەید، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆکى لەسەرە، ئەو بەرهەمانەی لە مانگی نۆیەمدا هەناردە کراون بەمشێوەیە بووە:
پەتاتە: 26 هەزار و 791 تۆن
پیاز: 10 هەزار 753 تۆن
تەماتە: 1 هەزار و 665 تۆن
ترێ: 5 هەزار و 746 تۆن
خەیار 921 تۆن
شوتی: 37 تۆن
هەنجیر: 1 تۆن
لۆبیا: 30 تۆن
هەر بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە واتا لە 2.1.2025 ـەوە تا کۆتایی مانگی نۆ، کۆی گشتی بەرهەمی هەناردەکراوی پارێزگای دهۆک بۆ شارەکانی دیکەی عێراق گەیشتووەتە 209 هەزار و 391 تۆن.