بۆ پڕۆژەیەکی زیرەکیی دەستکردە کە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت
زانکۆی دهۆک بەدوای دوو دەنگدا دەگەڕێت
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
زانکۆی دهۆک بۆ پڕۆژەیەکی زیرەکیی دەستکرد (AI) پێویستی بە دەنگی ژن و پیاوێکە بە شێوەزاری بادینی قسە بکەن، وتەبێژی زانکۆکەش دەڵێت، تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 200 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە و بڕیارە دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ ماوەی هەفتەیەک کراوە بێت.
عیسمەت خابوور، وتەبێژی زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، پڕۆژەی “سیستمی خوێندنەوەی ئۆتۆماتیکیی دەق بە شێوەزاری بادینی لە سیستمی AI” لە 20ـی ئاداری ئەمساڵەوە لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆوە راگەیەندراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو کاری لەسەر دەکرێت.
وتیشی، “ماوەی شەش مانگە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ، بەتایبەت لە کۆلێژەکانی زمان و زانستی کۆمپیوتەر، کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن و تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک وشە بە شێوەزاری بادینی کۆکراونەتەوە و لە چوارچێوەی رستەدا ڕاستکراونەتەوە.”
سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە بۆ دەنگەکە پێویستیانە، وتەبێژی زانکۆی دهۆک روونیکردەوە، داوا لە داواکاران دەکرێت 10 رستە کە هەستەکانی وەک “خەم، دڵخۆشی و تووڕەیی” دەردەبڕن، بە دەنگی خۆیان تۆمار بکەن و بینێرن، دواتر لیژنەیەکی پسپۆڕ باشترین دەنگی نێر و مێ هەڵدەبژێرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەڵبژاردنی دەنگەکان، قۆناغی تۆمارکردنی هەزاران کاتژمێر دەست پێدەکات و لە کۆتاییدا سیستمەکە تەنیا بۆ زانکۆ نا، بەڵکو وەک پلاتفۆڕمێکی گشتی لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر