خورما بۆ کوردستان دابین دەکەن
کەلار دەبێتە شاری بەرھەمھێنەری خورما
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
گەنجێکی دانیشتووی قەزای کەلار، دوو ساڵ پێش ئێستا نزیکەی 4 ھەزار داری خورمای ھێنایە کەلار و لەسەر رووبەری 67 دۆنم زەوی چاندی، ئێستا دوای ئەو دوو ساڵە دارەکانی خورمای گرتووە، نیازی ھەیە خورما بۆ ھەموو کوردستان دابین بکات.
دیار محەمەد، خاوانی ئەو باخی خورمایە بە 964ـی وت،”دوو ساڵ پێش ئێستا لە دوو شوێنی جیاواز لەسەر رووبەری 67 دۆنم زەوی، زیاتر لە 4 ھەزار داری خورمای چاندوە و ئێستا ھاتونەتە بەرھەم”.
“دار خورماکان بەریتانین و دەستکاری جیناتیان کراوە، دارخورماکانی عێراق نزیکەی شەش ساڵیان پێدەچێت تا دێنە بەرھەم، بەڵام ئەم دارەی کە ھێناومە دوای دوو ساڵ بەرھەمی دەبێت”،دیار محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێنج ھەزار دارخورمای دیکەی ھێناوە لە بەریتانیا، لەچەند ساڵی داھاتوو پێھیستمان بە خورمای شارەکانی خواروی عێراق نابێت و نیازی ھەیە خورمای ھەموو کوردستان دابین بکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی