65 رۆژى بێ خۆڵبارین لە ساڵێکدا

روانگەی عێراقی سەوز: تا ساڵی 2050 رۆژە تۆزاوییەکان دەگاتە 300 رۆژ

964+

وریا فەتاح

رۆژ بەڕۆژ، خۆڵبارین و تۆزوخۆڵ لە ئاسمانى عێراق زیاتر دەبێت، روانگەی عێراقی سەوز، پێشبینی دەکات تا ساڵی 2050 ژمارەی ئەو رۆژانە بگاتە 300 رۆژ لە ساڵێکدا، واتا تەنیا 65 رۆژى بێ خەوش و خۆڵ بمێنێتەوە.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا ژمارەی رۆژە تۆزاوییەکان لە نزیکەی 243 رۆژەوە بۆ 272 رۆژ بەرزبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی روانگەکە، دیاردەى خۆڵبارین و بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ بووەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان و تووشبوونی هەزاران کەس بە تەنگەنەفەسی لە شەپۆلەکانی نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025.

ئاماژەى بەوەشداوە کە ئەم زریانە تۆزاوییانە و خۆڵبارین ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەگەیەنن.

توێژینەوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریانخستووە کە لە کاتی خۆڵباریندا، رێژەی خەواندن لە نەخۆشخانەکان و گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵەوە زیاد دەکات.

روانگەى عێراقى سەوز ئاشکراى کردووە، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، زۆرترین رێژەی زریانی لم و تۆز لە پارێزگای زیقار تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 278 جار، لە بەرامبەردا، قەزای خانەقین بە کەمترین رێژە دادەنرێت کە تەنها 3 جار بووە.

خۆڵبارین 30 كەسی داخڵی نەخۆشخانە كرد

خۆڵبارین 30 كەسی داخڵی نەخۆشخانە كرد