"حەزناکەم غەدر لە کڕیارەکانم بکەم"

هەواڵ عوسمان بووە خاوەن نووسینگەی عەقارات

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

هەواڵ عوسمانی خانمە هونەرمەندی شانۆ و دراما، دوای کاری دیزاینی ناوماڵ و مۆبیلیات، لە سلێمانی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی موڵکی کردووەتەوە و دەڵێت، “هیچ ئیشێک بۆ ژن قورس نییە.”

هەواڵ عوسمان، خانمە هونەرمەند، بە کاری دیزاین و مۆبیلیات ناسراو بوو، بەڵام کارەکەی فراوانتر کردووە و لە شاری سلێمانی نووسینگەیەکی بۆ کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کردەوە و دەڵێت، بیرۆکەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خزمەتگوزارییەکی تەواو پێشکەش بە کڕیارەکانی بکات، لە کڕینی موڵکەوە تا دیزاین و پڕکردنی ناوماڵەکەی.

هەواڵ عوسمان بە 964ـی وت، “ماوەیەکی زۆرە لە بواری هونەر و مۆبیلیاتدا کار دەکەم، لە کارەکەمدا زۆرجار کڕیارم هەبووە داوایان کردووە موڵکێکیان بۆ بکڕین و دواتر دیزاینی بۆ بکەین و کەلوپەلی بۆ دابین بکەین، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە بڕیارم دا بەشێک لە کارەکەم بکەم بە عەقارات بۆ ئەوەی خزمەتێکی گشتگیر پێشکەش بکەم.

دەشڵێت، “ئامانجم ئەوەیە کڕیارەکانم بە یەک جار و بەبێ ماندووبوون، هەم ببنە خاوەن موڵک و هەم ماڵێکی رازاوە و ئامادەکراویش وەربگرن.

خانمە خاوەنکارەکە پێیوایە کاری عەقارات بۆ ژن قورس نییە و وەک هەموو کارێکی تر پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونە، “با ئیتر نەڵێن ژن زەعیفە، هیچ ئیشێک قورس نییە ئەگەر حەزت لێی بێت، من حەزم لە جوڵە و کارکردنە” هەواڵ وای وت

پەیامێکیشی بۆ ژنانی دیکە هەیە و پێیوایە، “پێویستە هەر خانمێک لەسەر پێی خۆی بوەستێت و نەترسێت، هەر ئیشێکی ویستی بیکات.”

سەبارەت بە مامەڵەکردنیش لەگەڵ کڕیار، جەخت لەسەر راستگۆیی دەکاتەوە و دەڵێت، “حەزناکەم غەدر لە هیچ کەسێک بکەم و پارەی زیاد لە خەڵک وەربگرم.”

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

هیچ شتێ لە شوێنی خۆی نەماوە و تا نەمریت کەس قەدر نازانێ

هیچ شتێ لە شوێنی خۆی نەماوە و تا نەمریت کەس قەدر نازانێ