"هێشتا لە تاریکیدا ماوەتەوە"
تونێلی هەیبەت سوڵتان؛ چارەنووسێکی نادیار و ملیارەها دیناری بەهەدەرچوو
964+
دەریا ئەحمەد- کۆیە
پڕۆژەی ستراتیژیی تونێڵی هەیبەت سوڵتان، کە بڕیار بوو شارەکانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین بەیەکەوە ببەستێتەوە، بۆ جاری سێیەم رووبەڕووی گۆڕانکاری لە شوێنەکەیدا دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا ملیارەها دیناری بۆ خەرج کراوە، بەڵام هێشتا لە تاریكیدا ماوەتەوە و هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی بۆ نەدراوە.
قایمقامی قەزای کۆیە، تارق حەیدەری، بە 964ـى رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی لە گواستنەوەی شوێنی تونێلەکە ئەوە بووە کە “کۆیە نەکەوێتە پشتی تونێڵەکە” و لە رووی ئابوورییەوە زیانی بەرنەکەوێت.
بە وتەی حەیدەری، دیزاینی نوێی تونێلەکە لە نزیک گوندی هەواوان دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی شوێنی پێشووی لە دەشتی کۆیەوە بۆ گوندی بادەوان بە گونجاو نەزانرا.
سەرگوزەشتەی پڕۆژەیەکی بێ ئەنجام
پڕۆژەی تونێڵی هەیبەت سوڵتان مێژوویەکی دوور و درێژی لە کارپێکردن و وەستان هەیە:
هەوڵی یەکەم (2005): بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2005 دەست بە پڕۆژەکە کرا و بڕیار بوو لە پشت زانکۆی کۆیەوە دروست بکرێت. ئەو کات بڕی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە کارکردن و کون کردنی شاخی هەیبەت سوڵتان، پڕۆژەکە بەجێهێڵدرا.
هەوڵی دووەم (2013): جارێکی دیکە لە ساڵی 2013 و لە شوێنێکی نوێ لە رێگەی دەشتی کۆیە بەرامبەر گوندی باداوان، دەست بە کارکردن کرایەوە، بۆ ئەم قۆناغە، بڕی 160 ملیار دینار تەرخانکرا و پڕۆژەکە بە کۆمپانیایەکی ئێرانی سپێردرا، بەڵام ئەم هەوڵەش بێ ئەنجام بوو، هەرچەندە 6%ی کارەکانی تەواو کرابوو و کۆمپانیاکە بڕی 10 ملیار دیناری وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئابوورییەکانەوە، بڕیاری گواستنەوەی درا.
هەوڵی سێیەم (ئێستا): لە ئێستادا، بڕیارە بە هەمان بڕە پارە و هەمان کۆمپانیا، پڕۆژەکە لە نزیک پاسپۆڕتی کۆیە و لە گوندی هەواوان جێبەجێ بکرێت، ئەم شوێنە نوێیە لە قۆناغی دیزاین و لێکۆڵینەوەدایە بۆ دڵنیابوونەوە لە گونجاوی شوێنەکە لە رووی زانستییەوە.
قایمقامی کۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پڕۆژەیە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پڕۆژەی دووسایدی کۆیە-دوکان نابێت، بەڵکو بە تەواوبوونی، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی نێوان هەولێر، سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دروست دەکات.
سەرەڕای ئەم گەشبینییە، چارەنووسی تونێڵی هەیبەت سوڵتان هێشتا نادیارە، ئەم پڕۆژەیە بووەتە نموونەیەکی بەرچاوی بەهەدەردانی کات و سامانی گشتی، لە کاتێکدا هاوڵاتیان ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی تەواوبوونی دەکەن بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رێگای ئێستای چیای هەیبەت سوڵتان کە بەهۆی پێچاوپێچ و لۆفەکانیەوە مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران دروستکردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح