چوار پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ زاخۆ بریندار بوون 

964+
شڤان عه‌بدوڵڵا – زاخۆ

به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆ له‌ زاخۆ، چوار پۆلیسی فریاكه‌وتن برینداربوون و یه‌كێكیان باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌ و گواستراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی دهۆك.

رووداوه‌كه‌ شه‌وی رابردوو لە رێگه‌ی نێودەوڵەتی زاخۆ – ئیبراهیم خەلیل روویداوه‌ و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری تورکی لە پشتەوە خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی فریاکەوتنی زاخۆ، له‌ ئه‌نجامدا چوار پۆلیس بە سەختی بریندار بوون.

بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی زاخۆ و بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی زاخۆ بۆ تۆڕی 964 پشتڕاستیان كرده‌وه‌، چوار پۆلیسەکە خێرا گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن.

له‌ باره‌ی نوێترین زانیاری سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ته‌ندروستی برینداره‌كان، ئه‌میر عه‌لی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ بۆ تۆڕی 964 وتی، سێ لەوان لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆن و ته‌ندروستیان جێگیره‌، به‌ڵام یه‌كێكیان بارودۆخی جێگیر نییه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی دهۆك كراوه‌، چونكه‌ تووشی خوێنبه‌ربوون بووه‌.

چه‌ند رۆژێكه‌ رووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی هه‌ینیی رابردووه‌وه‌ 18 بریندار هه‌ن و 4 كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا