سەرسوڕهێنەرە
رێگاى دوو سەعاتى کرد بە دوو دەقە؛ چین بەرزترین پردی جیهانی کردەوە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ یەکشەممە، چین بەرزترین پردى جیهانى بەرووى هاتوچۆدا کردەوە کە دەکەوێتە پاێزگاى قویتشۆ لە باشورى رۆژئاواى ئەو وڵاتە و بەرزییەکەى 625 مەترە و بەسەر رووبارى بیپان هەڵواسراوە.
سێ ساڵە کار لەو پردەدا دەکرێت، ماوەى گەشتکردن بەنێو دۆڵێکى قوڵدا لە دوو کاتژمێرەوە دەکات بە تەنیا دوو خولەک.
ئاژانسی هەواڵی شینهوای چینی بڵاویکردەوە، پردی دۆڵی هواجیانگ کە بەرزییەکەی نزیکەی 9 هێندەی پردی گۆڵدن گەیتی سان فرانسیسکۆیە، درێژییەکەی 2890 مەترە، بەمەش بووە بە درێژترین پردی هەڵواسراوی پۆڵایینی جیهان کە لە ناوچەیەکی شاخاویدا دروستکرابێت.
پڕۆژەکە کە درێژیی بەشی سەرەکی 1420 مەترە، بە نوێترین زیادکراو بۆ ژێرخانی ئابووری چین دادەنرێت کە دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە.
وەک ئەوەى لەبارەى پردەکەوە ئاشکراکراوە، کێشى پردەکە 22 هەزار تۆن زیاترە کە ئەوەش سێ ئەوەندەى تاوەرى ئیڤل قورسە، ئەوە جگە لەوەى بەرزییەکەشى نزیکەى دوو هێندەى تاوەرى ئیفڵە.
پارێزگای قویتشۆ کە یەکێکە لە پارێزگا کەمتر گەشەسەندووەکانی چین، بەهۆی بوونی زیاتر لە 30 هەزار پرد لە ناوچە شاخاوییەکانیدا ناسراوە.
جێگای ئاماژەیە، نزیکەی نیوەی 100 بەرزترین پردەکانی جیهان دەکەونە ئەم پارێزگایەوە، لەنێویاندا سێ بەرزترین پردی جیهان.